نیقاش – تاریق کارێزی (که‌رکووک) – 17/4/2008:
خوێندکارانی کوردی شاری که‌رکووک له قه‌یرانێکدا ده‌ژین که ده‌کرێ به “قه‌یرانی زمان” ناوی ببه‌ین. ئه‌مه‌ش قه‌یرانێکه له چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردنی سه‌لبییانه‌ی رژێمه یه‌ک به‌دوای یه‌که‌کانی عێراقی له‌گه‌ڵ زمانه غه‌یره عه‌ره‌بییه‌کان که‌وتۆته‌وه.
له‌و وڵاته فره نه‌ته‌وه و ره‌گه‌زه‌دا هه‌میشه زمانی ده‌سه‌ڵاتداران زمانی ره‌سمی بووه و له داموده‌زگاکاندا به هێز به‌سه‌ر زمانه ناوچه‌ییه‌کانی دیکه‌دا سه‌پێنراوه. له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانه عوسمانییه‌کاندا زمانی تورکی زمانی ره‌سمی ده‌رسگوتنه‌وه بووه له که‌رکووک. له‌گه‌ڵ نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که عێراق که‌وتنه ژێر ئینتیدابی به‌ریتانی، زمانی عه‌ره‌بی شوێنی زمانی تورکی له ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌کاندا گرته‌وه. به‌ڵام دواتر و له ئه‌نجامی خه‌باتی گه‌لی کورد له دژی هێزه‌کانی ئینگلیز له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا، رێگه درا له هه‌ندێک له‌و شوێنانه‌ی کوردی لێ نیشته‌جێن زمانی کوردی له خوێندنگا و دادگاکاندا به‌کار بهێنرێت.
ساڵی 1970 گۆڕانێکی گه‌وره‌ی له چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی له‌گه‌ڵ زمانی کوردی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. یه‌کێک له بڕگه‌کانی رێککه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری نێوان حکومه‌تی عێراقی و سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی کورد به‌سه‌رۆکایه‌تی مسته‌فا بارزانی باس له مافی خوێندن به زمانی کوردی له‌و شوێنانه‌ی زۆرینه‌ی کوردن ده‌کات. دوای ئه‌م مێژووه و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت زمانی کوردیش که‌وته به‌رنامه‌کانی خوێندن و فێرکردنه‌وه. که‌چی ئه‌م باره زۆری نه‌خایاند و دوای هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان پارته کوردییه‌کان و حکومه‌تی به‌غدا له ساڵی 1974، ده‌وڵه‌ت له‌و بڕیاره‌ی خۆی پاشگه‌زبوویه‌وه و که‌وته جێبه‌جێکردنی پلانێک بۆ کۆتاییهێنانی پله به پله به خوێندن له شاری که‌رکووک به زمانه‌کانی دیکه‌ی جگه له عه‌ره‌بی. ئه‌م پلانه به‌شێک بوو له سیاسه‌تێکی به‌رفره‌وانتر بۆ کۆتاییهێنان به به‌کارهێنانی زمانه‌کانی دیکه‌ی جگه له عه‌ره‌بی له بواره جۆراوجۆره‌کاندا تا کار گه‌یشته یاساغکردنی ناونانی منداڵانی تازه له دایکبوو به ناوی ناعه‌ره‌بی.
رووخانی رژێمی سه‌ددام حوسێن له ساڵی 2003دا وه‌رچه‌رخانێک بوو له‌سه‌ر ئاستی ئازادی به‌کارهێنانی زمان له که‌رکووک و دیاره ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستانیش به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو کارێگه‌ریی به‌سه‌ر بواری خوێندن له‌م شاره‌دا هه‌بووه.
له دوای دابڕانی هه‌رێمی کوردستان له حکومه‌تی ناوه‌ندی، خوێندن به زمانه‌کانی کوردی و تورکمانی و سریانی له قوتابخانه‌کانی هه‌رێمدا باوه، هه‌ر دوای رووخانی رژێمیش وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستان هه‌ستا به ناردنی به‌رنامه‌کانی خوێندنی کوردی و تورکمانی و سریانی بۆ خوێندنگاکانی که‌رکووک. ئێستا له که‌رکووکدا نزیکه‌ی 300 قوتابخانه‌ی کوردی، 55ی تورکمانی و چوار قوتابخانه‌ی سریانی هه‌ن، هه‌موویان هه‌مان ئه‌و به‌رنامانه‌ی خوێندنیان هه‌ن که له هه‌رێمی کوردستاندا په‌یڕه‌و ده‌کرێن، ئه‌مه له‌پاڵ ئه‌و قوتابخانانه‌ی که به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنن.
هه‌رچه‌نده ئێستا خوێندکاران ده‌توانن به زمانی دایک بخوێنن، که‌چی ئه‌مه به‌س نییه بۆ گه‌یشتنیان به ئاستێکی ئارامیی، چونکه خوێندنی زانکۆیی له شاره‌که‌دا هێشتا هه‌ر به زمانی عه‌ره‌بییه و ئه‌مه‌ش وایکردووه کۆسپێک له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌دا درووست بێت که خوێندنی قۆناغه‌کانی پێش زانکۆییان به زمانی دیکه‌یه. ئه‌مه بۆ نموونه گرفتی خوێندکارانی کوردی کۆلێژی یاسای زانکۆی که‌رکووکه. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا رێگا به خوێندکاران درا که به‌زمانی کوردی به‌شداری له تاقیکردنه‌وه‌کاندا بکه‌ن، که‌چی ئه‌م بڕیاره له‌م ساڵه‌ی خوێندندا هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، به‌مه‌ش نزیکه‌ی 400 خوێندکاری کوردی کۆلێژی یاسا رووبه‌ڕووی گرفتی زمان بوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له هه‌رێمی کوردستانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه که‌رکووک و پێشتر له‌وێ خوێندنییان به زمانی عه‌ره‌بی نه‌بووه.
خوێدنکار دابان یه‌کێک له‌و خوێندکارانه‌یه و ده‌ڵێت: “گرفتی گه‌وره‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه که کوردی زمانی خوێندنی پێشترمان بووه و له‌وه‌ش زیاتر داوا ناکه‌ین که رێگامان پێبدرێت به زمانی دایکمان درێژه به خوێندن بده‌ین”. هاونازیش که یه‌کێکی دیکه له‌و قوتابیانه‌یه ده‌ڵێت: “زۆربه‌ی قوتابییانی کورد له ده‌رسه‌کان تێناگه‌ن و هاتنیشیان بۆ ژووره‌کانی ده‌رسگوتنه‌وه ته‌نیا بۆ رێزگرتنه له مامۆستاکان”. چه‌ندین خوێدنکاری دیکه‌ش هاوڕای دابان و هاونازن، که‌چی قه‌یس جه‌لال جافی جێگری راگری کۆلێژی یاسا پێیوایه “ئه‌م کۆلێژه و هی دیکه‌ش له که‌رکووک ژماری پێویستییان له مامۆستایان کورد نییه تا ده‌رسه‌کان بکه‌ن به کوردی”، ئه‌و هه‌روه‌ها رای گه‌یاند که ئاماده‌ن خولی به‌هێزکردنی زمانی عه‌ره‌بی بۆ خوێندکاران بکه‌نه‌وه و وتی: “زۆر قوتابی کوردمان هه‌ن که باشتر له خوێندکاره عه‌ره‌به‌کان عه‌ره‌بی ده‌زانن”.
بێگومان خوێندکارانی ئه‌م کۆلێژه هاوکاره‌کانی خۆیان له زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان د هبینن که به زمانی کوردی ده‌خوێنن، ئه‌مه‌ش ئه‌وان هان ده‌دات تا داوای هه‌مان شت بکه‌ن، به‌تایبه‌ت که مادده‌ی چواری ده‌ستووری نوێی عێراق مافی ئه‌وه بۆ ئه‌وان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش ده‌دات که به زمانی دایک له خوێندنگا و زانکۆکان‌دا بخوێنن. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا تا ئێستا داخوازییه‌کانیان پشتگوێ ده‌خه‌ن گوایه کادیری ده‌رسگوتنه‌وه‌ی پێویستیان به زمانی کوردی نییه و تا ئێستاش هیچ پلانێکی په‌روه‌رده‌یی ئه‌وتۆ بۆ ئاینده دانهڕژاروه که به ئاشکرا پرسی خوێندنی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی جگه له عه‌ره‌ب دیاری بکات.
گرفتی دیکه‌ش هه‌ن که به‌هه‌مان شێوه چاوه‌ڕێی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له به‌غدا ده‌که‌ن، چونکه له چه‌ند ساڵی داهاتوودا ژماره‌یه‌کی زۆری خوێندکاری تورکمانیش خوێندنی پێش قۆناغی زانکۆیی خۆیان به زمانی تورکی ته‌واوده‌که‌ن و دواتر ده‌چنه زانکۆی که له‌وێش وه‌ک هاوکاره کورده‌کانیان توشی “گرفتی زمان” ده‌بنه‌وه بێگومان داوای ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن کتێبیان به‌و زمانه بخرێنه به‌رده‌ست که بتوانن بیخوێننه‌وه.