الرئيسية » مقالات كردية » تورکه‌که‌ گوتبووی : له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردان مه‌ترسن؛ چونکه‌ زمانی يه‌کگرتوویان نييه‌.!

تورکه‌که‌ گوتبووی : له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردان مه‌ترسن؛ چونکه‌ زمانی يه‌کگرتوویان نييه‌.!

به‌ ده‌ست خۆم نييه‌، زۆر جار حه‌سوودی به‌ تورکان ده‌به‌م، به‌ يه‌کێتیی نێوانيان، به‌ وه‌فا و ئه‌مه‌کيان بۆ وڵات و به‌ته‌قديسڕاگرتنی زمانی يه‌کگرتوويان، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ک هه‌موو زمانێک ده‌يان، سه‌دان شێوه‌ و ده‌ڤۆکی لێ که‌وتوونه‌ته‌وه‌.. ئه‌گه‌ر گه‌شتیک له‌م سه‌ری تورکياوه‌ بۆ ئه‌وسه‌ری بکه‌يت، نابینیت تابلۆی سه‌ر دوکانێک، ئیعلانی کۆمپانيايه‌ک ياخود ڕێکلامێک، هه‌ڵه‌يه‌کی ڕێزمانیی تێدا بێت يان به‌ ديالێکتی ناوچه‌ نووسرابێته‌وه‌.. کاتێ مێژووی تورک و تورکیپه‌روه‌ریی وان ده‌خوێنرێته‌وه‌، ده‌زانرێ زمانی ئه‌سته‌نبۆڵی شيله‌ی ژیانيانه‌، یه‌ک له‌ موققه‌دده‌ساته‌کانه‌ و ناشێ ده‌سکاری بکرێ؛ وه‌لی ده‌کرێ و فه‌رزه‌ ـ وه‌ک ڕوکنی دين ـ له‌ هه‌ر شوێن و زه‌مانێکدا بڵاو بکریته‌وه‌، پێی بخوێندرێ و وه‌ک ده‌قی پیرۆز له‌به‌ر بکرێ. هيچ گومانم له‌وه‌دا نييه‌، بۆی هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر له‌ تورکيا ده‌نگۆيه‌ک بۆ بره‌ودان به‌ شێوه‌زارێکی ديکه‌ی تورکی بکه‌وێته‌وه‌ يان پڕۆپاگه‌نده‌ی بۆ بکرێت، ئه‌وه‌ ئه‌و سوپايه‌ سه‌دهه‌زاريیه‌ی بۆ باشووری کوردستان په‌لکێش کراوه‌، بۆ له‌نێوبردنی ئه‌و فه‌رته‌نه‌يه‌؛ پاشه‌کشه‌ی پێ ده‌که‌ن.

له‌ کاتێکدا ئێمه‌ی کورد، پاش ئه‌وه‌ی زێتر له‌ سه‌د ساڵه‌ زمانێکی يه‌کگرتوومان هه‌يه‌، تازه‌ به‌تازه‌ خه‌ریکین پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ ديالێکتان ده‌که‌ين و هه‌ر ده‌ڵێی له‌هه‌موو لايه‌که‌وه‌ به‌ تفه‌نگی جانبێزاری عوسمانی له‌ گيانی زمانی يه‌کگرتوو به‌ربووينه‌ و به‌ ئیمپرياليزمی سۆرانیی داده‌نێین، بگره‌ حيزبيش بۆ ديفاع و به‌رگری له‌ ديالێکت داده‌مه‌زرێنین و خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی بۆ ده‌که‌ين تا له‌لای په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی دانی پێدا بنرێت، وه‌ک چۆن دان به‌ تورکمانی، ئاسووری و کلدانیدا ده‌نرێت.! سه‌مه‌ره‌ له‌وه‌ دايه‌، سنووری داواکارييه‌کانيش له‌ وێستگه‌ی ديالێکتێک ياخود دووان ناوه‌ستێت، بگره‌ درێژه‌ی هه‌يه‌، هه‌مووشی به‌ناوی کوردايه‌تی و پاراستنی زمانی ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردییه‌وه‌، بانگه‌وازی بۆ ده‌که‌ن.. يان به‌وه‌ی زمانی دايک بۆ مندال گونجاوتره، ده‌يفه‌لسه‌فێنن، بێ ئه‌وه‌ی بزانن ـ ياخود ده‌زانن ـ که‌ ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ دنيای په‌روه‌رده‌ی ميلله‌تاندا؛ ئاوڕی لێ نادرێته‌وه‌، بگره‌ له‌ قه‌وچه‌ی ده‌درێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی خۆی به‌وه‌ ده‌خه‌ڵه‌تێنێ گوايه‌ به‌ خوێندنی شێوه‌زار له‌ دهۆک، ئه‌و شاره‌ ده‌بێته‌ پردێک له‌ نێوان باکووری کوردستان و کوردێن باشوور، بلا دڵنيا بێت له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ پردی تێده‌گات؛ شينه‌ديواری به‌رلين ـ ه‌ نه‌ک پرد، سووده‌جوگرافييه‌که‌يشی هه‌ر به‌ ئه‌ندازه‌ی خێرو به‌ره‌که‌تی شاری مووسڵ ده‌بێت بۆ ئاپۆڕه‌ی کوردی باشوور، تا ڕۆژی سه‌ڵايێ.

نووسه‌رێکی پیره‌مێرد هه‌يه‌، ئه‌گه‌ر ناوی خوای له‌ بير بچێ، ئه‌وه‌ی له‌ بیر ناچێ له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێکدا بنووسێت ( به‌ناوی کوردستانه‌وه‌ ).. ئه‌ويش ديمانه‌ی به‌خێر، له‌م ڕۆژانه‌دا کوته‌کوت قه‌ڵه‌مه‌که‌ی ڕه‌پ کردبوو و که‌وتبووه‌ شێوه‌نگێڕان بۆ شێوه‌گه‌لی قه‌سری شيرین و کرماشان و ده‌یپرسی : ئه‌رێ زمانگه‌لی ئه‌وێ که‌ له‌ 30% زمانی کوردی پیک ده‌هێنن، بۆ له‌لايه‌ن سۆران و کرمانجانه‌وه‌ غه‌دريان لێ ده‌کرێت.؟!

ئێمه‌ فێڵ له‌ خۆمان ده‌که‌ين، ئه‌گه‌ر بێژین ده‌کرێ وه‌ک کورد بمێنينه‌وه‌؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زمانيشمان جيا بێت. له‌م ڕۆژانه‌دا، بابه‌تێکم له‌ گۆڤاری بزاودا بينی، له‌ ژێره‌وه‌يدا نووسرابوو : گۆڕینی له‌ کرمانجييه‌وه‌ : تاريق.. ئاخۆ ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌يه‌نێت، ئه‌ی کاتێ بابه‌تێک له‌ عه‌ره‌بی يان له‌ سوێدی يان له‌ تورکييه‌وه‌ش ده‌کرێ به‌ کوردی؛ هه‌ر هه‌مان کرداری گۆڕين ده‌خۆ ناگرێت.؟!

که‌م تا زۆر، چونکه‌ ئێسته‌ تورک زێتر دڵنيان له‌وه‌ی کورد چه‌رخی زمان له‌ خۆ وه‌رده‌گه‌ڕێنن، له‌زگه‌ تلی پێ بده‌ن و ئه‌وجا به‌ره‌و زمانگه‌لان و پاشان نه‌ته‌وه‌گه‌لان بچن، بۆيه‌ ئه‌وه‌نده‌ بۆ شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ کورداندا و خۆخستنه ناو زۆنگاوی خوێنه‌وه‌؛ سه‌رگه‌رم نين.. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌یه‌ک به‌ ديالێکتێک و ئه‌وه‌ی ديکه‌ به‌ ديالێکتێکی ديکه‌ و ئه‌وانی ديکه‌ش ـ سه‌باره‌ت به‌ دێمۆکراتييه‌تی 24 عه‌ياری کوردان ـ به‌ ديالێکتگه‌لی ديکه‌، بئاخفن، بپه‌يڤن، بێژن، برێن، بڵێن، خه‌به‌ر بده‌ن، قسه‌ و قسيه‌ بکه‌ن، هاوکات ئه‌لفوبێشيان يه‌ک نه‌بێت.. ئا ئه‌وسا تورک چ حه‌وجه‌ به‌وه‌ ده‌کا نيگه‌ران بن، ڕۆڵه‌ی ناسک و نازداری خۆیان به‌کوشت بده‌ن و دڵی خه‌ڵکی خۆيان سوار و پڕ ناسۆر بکه‌ن.

هیچ چار نييه‌، به‌ر له‌وه‌ی ڕۆژێکی نسکۆدارمان به‌سه‌ردا بێت، تێیدا کورد ببن به‌ گه‌لان، ده‌شێ ته‌نيا ‌بره‌و به‌ زمانی يه‌کگرتووی هه‌مانه، بدرێت، له‌پاڵ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی به‌ شێوزاره‌کانی ديکه، هاوکات قه‌ده‌غه‌کردنی بانگه‌واز بۆ له‌هجان و ده‌رزوه‌رگرتن له‌ تورکان.. هه‌روه‌ها بڕياردان به‌ گشتاندنی ئه‌لفوبێی باشوور له‌ سه‌رجه‌می وڵاتدا، ئه‌مه‌ش هه‌م له‌گه‌ڵ بارو مێژووی ناوچه‌که‌دا ده‌گونجێ و هه‌ميش که‌سايه‌تييه‌کی به‌ ئيمتياز ـ به‌تايبه‌تی ـ ده‌داته‌ کوردی تورکيا و يه‌کگرتووترمان ده‌کات؛ ئه‌گه‌رنا ـ خوانه‌خواسته‌ ـ قسه‌ی قارداشه‌ ڕۆشنبيره‌که‌ که‌ ده‌فه‌رمێ : له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردان مه‌ترسن، چونکه‌ زمانی يه‌کگرتوويان نييه‌.! دێته‌ جێ.