الرئيسية » مقالات كردية » که‌ ( دارا دوو داری دی ) له‌ دياربه‌کر و قامشلووـ ش خوێندرا، داوای ده‌وڵه‌ت بکه‌ن.!

که‌ ( دارا دوو داری دی ) له‌ دياربه‌کر و قامشلووـ ش خوێندرا، داوای ده‌وڵه‌ت بکه‌ن.!

به‌ياننامه‌ی ” نامانه‌وێ عێراقی بین.. ده‌وڵه‌تی کورديمان ده‌وێت ” م به‌رچاو که‌وت، خودانه‌که‌ی ” کۆمه‌ڵه‌ی لاوانی نه‌ته‌وه‌ييی ئه‌ی ڕه‌قيب ” ه‌، له‌ 08/10/2007 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.. تێیدا به‌رپه‌رچی هه‌موو بۆچوونێکی عێراقييانه‌ی کورد به‌ عێراق ده‌به‌ستێته‌وه‌، ده‌داته‌وه‌.. هاوکات داوا له‌ سه‌رله‌به‌ری کورد ده‌کا و ده‌ڵێت ” با برايه‌تیی نێوان خۆمان پته‌وتر بکه‌ينه‌وه‌ و له‌ژێر يه‌ک ئاڵای کوردايه‌تی خۆمان ڕیک بخه‌ين و خۆمان ته‌يار بکه‌ين، بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌، به‌هه‌موو شێوه‌ و شێوازه‌ سه‌رده‌مييه‌کان، به‌رانبه‌ر به‌ داگیرکه‌ر و ته‌رۆريستان “.

ڕاستييه‌که‌ی، ئه‌ز نازانم کۆمه‌ڵه‌ی نێوبراو کێن و له‌ کوێن، ئايا ڕاسته‌ هه‌ن يان ده‌سته‌يه‌کی وه‌همین ونوێن، ياخود نه‌فه‌رێکه‌ و بۆخۆی به‌ياننامه‌يه‌کی ده‌رکردووه و پاڵی داوه‌ته‌وه‌ له‌ نێو نوێن‌.. هه‌موو گريمانه‌يه‌ک جايه‌زه‌ چ له‌ سلێمانی يا له‌ يوئێن، ماده‌م ـ هه‌ر هیچ نه‌بێ ـ که‌سانێک له‌وان؛ ناويان ديار نييه‌ و نازانرێ لێره‌ن يان له‌وێن. وه‌لێ ئه‌وه‌ی له‌لای به‌نده‌ گرنگ بێت، بێرۆکه‌که‌يه‌، که‌ هه‌يه‌ و له‌ناخی سه‌رجه‌می کوردا چه‌که‌ره‌ی کردووه‌ و بووه‌ته‌ هه‌وێن، هه‌روه‌ک ڕێفراندۆمه‌ مێژووه‌که‌ی له‌پاڵ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ئه‌وێ ساڵێدا سه‌لماندی، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌لومه‌رج و ماجه‌رای بارودۆخه‌ سياسييه‌که‌ی ناوچه‌که‌؛ حاڵه‌تی به‌ده‌وڵه‌تبوونی کوردستان ده‌سه‌پێنێت، له‌ هه‌موو شوێن.

به‌ياننامه‌که‌، تۆزێک زێده‌ڕۆییی تێدايه‌، ئه‌ويش سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ تونده‌ی کراوه‌ته‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌کان، که‌ پێويست و جوانيش نه‌بوو، بگره‌ ـ ئه‌گه‌ر ئه‌و ماکه‌ی پێوه‌ نه‌بايه‌ ـ به‌هێزتر ده‌بوو، له‌وانه‌ بوو سۆزی غه‌يره‌کورديشی بۆ کورد ڕابکێشايه‌.. جگه‌ له‌وه‌، به‌ياننامه‌که‌ هاوڕێ له‌ کاتێکدا ده‌رچووه،‌ هێندێک ئه‌ولادی کورد ده‌خوازن ببن به‌ گه‌لانی کورد، ئه‌ويش له‌ ڕێی ئه‌و داوا و داخوازييانه‌ی ده‌کرێن بۆ خوێندن به‌ له‌هجان و پيلاندانان بۆ له‌باربردنی زمانی يه‌کگرتووی کوردی که‌ ته‌مه‌نی له‌ سه‌ده‌يه‌ک زێتره‌. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌ ڕێگه‌يه‌کن بۆ نه‌مانی کورد وه‌ک ميلله‌تێک، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌مک و تێگه‌ و داوايانه‌ سه‌رکه‌و‌ن، ئه‌وه‌ گومانی تێدا نييه‌ هه‌موومان له‌ هه‌مبه‌ر هه‌مووماندا، وه‌ک نه‌ته‌وه‌، دێینه‌ ڕيزی عه‌ره‌ب و گه‌لانی ديکه‌ له‌ به‌رانبه‌ر کوردا.

سبه‌ی که‌ کوردی هین به‌ ديالێکتێک، هه‌رامه‌ به‌ ديالکتێک، وانێك به‌ ديالێکتێک، يارۆ به‌ ديالێکتێک و فلان و بيڤان به‌ ديالێکتێک؛ خوێنديان.. باشه‌، ئه‌و کاته‌ چ حه‌وجه‌ ده‌کا تۆ داوای ده‌وڵه‌تی کوردی بکه‌يت، که‌ چه‌مکی کورد، کوردايه‌تی و کوردستانییه‌ت هورد و هه‌ڕاش بوو و یاسای موحافازاتی کاک برێمه‌ر، کاڵا به‌قه‌د باڵای هه‌مووان بوو.؟ ئه‌وسا چ جياوازييه‌کی ئه‌وتۆ له‌ نێوان ده‌وڵه‌تێکی ـ گوايه‌ کوردی ـ که‌ تێیدا به‌وه‌نده‌ زمانانه‌ بخوێندرێ و ده‌وڵه‌تی ديکه‌ ـ بۆ نموونه‌ عێراق ـ که‌ عه‌ره‌ب، هين، هه‌رامه‌، وانێک و يارۆی تێدا بژین؛ ده‌مێنێت.؟ ئه‌ی چ له‌ کۆن و چ له‌سه‌رده‌می نوێدا، نه‌وتراوه‌ يه‌که‌م ڕه‌گه‌ز که‌ ميلله‌تێکی سه‌ربه‌خۆی لێوه‌ پێک دێ؛ يه‌ک زمانی ستاندارده‌، نه‌ک له‌هجه‌گه‌لی شارودێ.؟

ئه‌گه‌ر براده‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ( ئه‌ی ڕه‌قیب ) له‌ بنه‌تای په‌يامه‌که‌ياندا، ده‌بێژن : ” داوا له‌ کوردپه‌رستان و کوردستانييان ده‌که‌ين، که‌ هه‌وڵ و کۆششه‌کانيان له‌ گه‌رمکردن و به‌گوڕکردنی شه‌قامی نه‌ته‌وه‌ییی کوردی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌يارانی دۆزه‌ ڕه‌واکه‌مان که‌ 2700 ساڵه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بينین؛ يه‌ک بخه‌ن “.. ئه‌وا ده‌بێ هه‌م ئه‌وان و هه‌م ئازيزانی ديکه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان، بزانن که‌ هه‌نگاوی يه‌که‌م پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌يه‌، ئه‌و زمانه‌ يه‌کگرتووه‌ی ‌هه‌مانه‌، تیشک بۆ هه‌موو گۆشه‌يه‌کی کوردستان باوێت و ( دارا دوو داری دی ) ی پايته‌خت، وه‌ک چۆن منداڵی مه‌هاباد و که‌رکووک ده‌یخوێنن، ئاواش له‌لای زاڕۆکی ئامه‌د، قامشلوو و له‌جه‌م کوردێن سۆڤێتی به‌رێدا، بهێته‌ خواندن.. ئا ئه‌وسا به‌ يه‌قين، هيوای هاتنه‌کايه‌ی ده‌وڵه‌تی کورد هه‌م ماقووڵه‌، هه‌م ڕه‌وايه‌ و هه‌میش تێکۆشان له‌ پێناويدا؛ فه‌رزه‌ و پڕ له‌ به‌هايه‌.! ده‌نا هه‌موو خه‌باتێک ـ به‌داخه‌وه‌ ـ ‌ده‌وه‌ن به‌ئاش و که‌ممانايه‌.!

2007/10/11