الرئيسية » مقالات كردية » سايکس بيکۆ کوردستانی کرد به‌ چوار به‌ش.. کورديش زمانه‌که‌يان ده‌که‌ن به‌ چوار

سايکس بيکۆ کوردستانی کرد به‌ چوار به‌ش.. کورديش زمانه‌که‌يان ده‌که‌ن به‌ چوار

کورد، خه‌ریکه‌ ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترين کاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی، نيشتمانی و ناسنامه بێته‌وه‌، بێی ئه‌وه‌ی زۆرانێک هه‌ستی پێ بکه‌ن، ته‌نانه‌ت زانا، سياسی و ڕۆشنبيرانيش که‌ هه‌ر ده‌ڵێی دوعايان له‌سه‌ر خوێندراوه‌؛ لێی بێ خه‌به‌رن. به‌نده‌ له‌و بڕوايه‌ دام ئه‌و عه‌یب وه‌ده‌رکه‌وتنه‌ په‌يتاپه‌يتا سنووری کوردستان ده‌به‌زێنێ و کاردانه‌وه‌يه‌کی نه‌رێنیشی له‌سه‌ر ناوبانگ و مه‌سه‌له‌ی کورد‌ ده‌بێت. خۆ هێندێ که‌س بابه‌تی ئاوا ده‌نووسن، ئه‌زی لی شه‌رمه‌زارم.. من هه‌رگیز ره‌خنه‌م له‌وه‌ نييه‌، براده‌رێک بێ بڵێت گه‌لۆ ئێمه‌ کيشه‌يه‌کمان هه‌يه‌، بابێین چاره‌سه‌رێکی بکه‌ين، هه‌تا زووه‌، وه‌لێ تۆ بێیت بۆم بشيعرێنی و شانازی به‌وه‌ بکه‌يت زمانانی کوردیی سه‌ره‌کی؛ وه‌ک چوار ڕه‌نگه‌که‌ی ئاڵای کوردستانن و ده‌بێ نازيان بگیرێ و په‌ره‌يان پێ بدرێت، ئا ئه‌وه‌يه‌ لوتکه‌ی نه‌فامی، نه‌زانی و ده‌به‌نگی، که‌ قياسی که‌شکێ له‌ مه‌شکێی پێ ده‌کرێت. له‌ کاتێکدا له‌هجه‌گه‌وره‌ و نیوچه‌گه‌وره‌کانی کوردی بیست و يه‌کن، له‌ بنله‌هجه‌کانيش گه‌ڕێ که‌ بۆی هه‌يه‌ هه‌زارويه‌ک بن.!

گومان له‌وه‌دا نييه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ناوه‌وه‌، که‌وتبێتنه‌ ‌ژێر کاريگه‌ریی ‌هێندێک لايه‌نی ده‌ره‌وه‌ که‌ سه‌رقاڵن به‌ چاندنی گيانی ناوچه‌گه‌ری و پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ ديالێکتان، به‌مه‌به‌ستی شێواندنی نه‌خشه‌ی زمانی يه‌کگرتووی کوردی که‌ هه‌ميشه‌ بۆنی به‌هاری پێوه‌يه‌.. هاوکات کاريان پی ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مک و تیگه‌کان بشێوێنن و پاشان زانياريی هه‌ڵه‌ بگه‌يه‌ننه ئه‌وانيديکه‌.. وه‌ک ئه‌وه‌ی ـ بۆ نموونه‌ ـ ده‌وترێ زمانی نه‌ڕویجی دوو ديالێکته‌ و به‌ هه‌ردووکان ده‌خوێندرێت، بێ ئه‌وه‌ی بوترێ جياوازيی هه‌ره‌سه‌ره‌کی له‌نێوان ئه‌و دوو ديالیکته‌دا له‌ ڕێنووس دايه‌ نه‌ک له‌ تێگه‌يشتندا، هۆيه‌که‌شی ئه‌وه‌يه‌ زمانی نه‌ڕویجی بۆ ماوه‌يه‌کی درێژ که‌وتبووه‌ ژێر کۆنتڕۆڵی زمانی دانيمارکی، که‌ وای کردووه‌ دوو شێوه‌نووسین هه‌بێت که‌ يه‌کێکيان پێی ده‌ڵێن بووکمۆڵ ( له‌ 88 ـ 90% ی ئاخێوه‌ران پێک د‌ه‌هێنێت ) و نینۆرسکه‌ که‌ باقييه‌که‌يه‌. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانرێ که‌ نه‌ڕويج به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ناوچه‌يه‌کی شاخاوييه‌ و خه‌ڵکی لێک دابڕاون؛ شێوه‌زاريان زۆره‌، وه‌لێ ديالێکتی بووکمۆڵ گردوکۆيانی کردووه‌ته‌وه‌. وه‌ک ئێمه‌ی به‌دبه‌خت نین، له‌هجان بفه‌لسه‌فێنن و دابه‌شيان بکه‌ن به‌سه‌ر ڕه‌نگه‌کانی ئاڵای وڵاته‌که‌ياندا.

من ده‌ڵیم ئه‌وانه‌ی به‌په‌له‌ن، به‌ر له‌وه‌ی به‌ ئه‌قڵ بیر بکه‌نه‌وه‌ و به‌شێنه‌يی له‌ مه‌سه‌له‌که‌ بکۆڵنه‌وه‌، مخابن به‌ پێ بیر ده‌که‌نه‌وه.. ئه‌رێ، ئه‌و کۆششه‌ نه‌زۆک و کوردله‌نێوبه‌رانه‌ی هه‌ندێ له‌مێژوو و بزاڤی زماننه‌گه‌يشتوو، ده‌يکه‌ن و زمانی کوردييان داوه‌ته‌ به‌ر کلکان، هیج جياوازیی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵه‌دا نييه‌ کاتێک‌ عه‌ره‌بگه‌لێک بيده‌ن بۆ خوڵقاندنی شێوه‌زارێکی عه‌ره‌بی له‌پاڵ زمانی په‌تیدا، له‌ژێر هه‌ر ناو و دروشمێکدا بێت.. ئه‌و جۆرانه‌، بلا ئه‌دديعای هه‌می تشتان بکه‌ن، ته‌نێ کوردايه‌تی و کوردستانايه‌تی نه‌بێت، چونکه‌ به‌گران ڕاده‌وه‌ستێ، نه‌نگيشه‌.. کوردستان پێويستیی به‌ حه‌فله‌ی له‌هجان نييه‌، که‌ ئه‌مه‌يان زۆر له‌ پیلانی سايکس بيکۆی له‌ دووه‌مین ده‌يه‌ی سه‌ده‌ی ڕابووردوودا هاته‌ ئيمزاکرن؛ گه‌وره‌تره‌، چونکه‌ سايکس بيکۆ يه‌ک خاکی کرد به‌ چوار؛ به‌ڵام کوردی بليمه‌ت، ژێهاتی و عه‌بقه‌ری (؟!) خه‌ريکن يه‌ک کورد ده‌که‌ن به‌ زێتر له‌ چوار به‌ش و نه‌ته‌وه‌ی جودا، هه‌روه‌ک له‌مڕۆژانه‌دا چه‌ند زرکه‌نووسه‌رێک تامساردانه‌ و لنگه‌فرتانه‌ ده‌نووسن و فه‌لسه‌فه‌ به‌ کوردی غه‌شيم ده‌فرۆشن.

2007/11/14