الرئيسية » مقالات كردية » كورده فه‌یلیه‌كان و تراژیدیای دووسه‌ره

كورده فه‌یلیه‌كان و تراژیدیای دووسه‌ره

كورده فه‌یلیه‌كان به‌شێكی بنه‌ڕه‌تین له گه‌لی كورد، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریشیان شیعه مه‌زهه‌بن. سه‌باره‌ت به وشه‌ی (فه‌یلی) مێژوو نوسه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه ناوێك بێ بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار له ناوچه‌كه‌دا په‌یدا بوون و 12 پادشای یه‌ك له دوای یه‌ك ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست، له پادشای عیلامی (بیلی 220 – پ.م) ده‌ستی پێكردووه. به‌ڵام سه‌باره‌ت به ماناکانی وشه‌ی فه‌یلی هه‌ندێك پێیان وایه كه واتای یاخیبوو یا هه‌ڵگه‌ڕاوه یا به گشتی شۆڕشگێر ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها واتای خۆبه‌خشكه‌ر (فدائی) و ئازاش ده‌گه‌یه‌نێت. شوێنی نیشته‌جێبوونی فه‌یلیه‌كان به‌سه‌ر عێراق و ئێراندا دابه‌ش ده‌بێت. له ئێران شوێنی نیشته‌جێبوونیان ده‌كه‌وێته باشووری كرماشان و باكووری دیزفول به درێژایی چیاكانی زاگرۆس، له عێراقیشدا له ناوه‌ڕاست و باشوور و له‌ ناوچه‌کانی وه‌ك: مه‌نده‌لی، زرباتیه، به‌دره، جه‌سسان، به‌له‌دڕوز، سه‌عدیه، جه‌له‌ولا، خانه‌قین، دیاله، كه‌ركوك به‌غدا و زۆرێك له شار و شارۆچكه‌‌ی دیکه‌ ده‌ژین. ژماره‌یشیان به‌ به ملیۆن و نیوێك تا دوو ملیۆن مه‌زه‌نده ده‌كرێت.

مێژووی كورده فه‌یلیه‌كان پڕه له كاره‌سات و نه‌هامه‌تی، ئازارێكی زۆریان به‌ هۆی ململانێی نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و فارسه‌كان چه‌شتووه‌. زۆرێك له‌و كورده فه‌یلیانه (له‌گه‌ڵ هه‌ندێك عه‌ره‌بیش) ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێرانیان هه‌ڵبژاردووه بۆ خۆدزینه‌وه له ئه‌ركی سه‌ربازی له ڕیزی سوپای عوسمانلی. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له مێژووی هاوچه‌رخماندا له كاتی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران دووباره بویه‌وه، زۆریان ڕایانكرد بۆ وڵاتی ئێران بۆ خۆدزینه‌وه له ئه‌ركی سه‌ربازی، ئه‌مه‌ش وایکرد که‌ فه‌یلیه‌كان له عێراقدا باجێكی گه‌وره بده‌ن.

هه‌میشه فه‌یلیه‌كان باری قورسی ناسه‌قامگیری جوگرافی نێوان عێراق و ئێرانیان به‌سه‌ر شانه‌وه بووه، ئه‌مه‌ش وای كردووه یه‌ك خێزان یا یه‌ك خێڵ په‌رته‌وازه ببێ له نێوان هه‌ردوو دیوی سنووری ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته. له هه‌ردو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش كێشه و گیروگرفتیان زۆره چونكه تا هه‌نوكه‌ش له ئێران وه‌ک كۆچبه‌ر ته‌ماشا ده‌كرێن، له عێراقیش وه‌كو فارس ته‌ماشایان ده‌كرێت. ئه‌و بارودۆخه نا ئاساییه‌ش وای كردووه فه‌یلیه‌كان له ئاساییترین مافه‌کانی خۆیان بێبه‌ش بن، وه‌ک وه‌رگرتنی پله‌وپایه له ده‌وڵه‌ت، یان سه‌ندنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی له ژماره‌یه‌كی زۆریان.

زۆرێك له چاودێران پێیان وایه تاریكرتین سه‌رده‌م له ژیانی فه‌یلیه‌كان نێوان ساڵه‌کانی 1970 تا 1988یه‌، كه ڕژێمی ئه‌و‌سای عێراق هه‌ڵسا به ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان و ئه‌نجامدانی تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی له دژیان وه‌كو ڕاگواستن و شاردنه‌وه‌ی هه‌زاران كه‌س، تاوانیشیان هه‌ر هێنده بوو كه سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی كورد بوون و شیعه مه‌زهه‌بیش. لێكۆڵه‌ر‌ی فه‌یلی كه‌مال قیتۆلی سه‌باره‌ت به ئه‌شكه‌نجه‌دانی فه‌یلییه‌كان ده‌ڵێ: ڕاگواستنی ئه‌و هاوڵاتیانه له 4/4/1980 ده‌ستی پێكرد. ڕاگواستنه‌كه‌ش به لێسه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو كه‌لوپه‌ڵ و دۆكومێنته‌كانیان وه‌كو ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی، ناسنامه‌ی باری كه‌سێتی، ده‌فته‌ری خزمه‌تی سه‌ربازی، مۆڵه‌تی هاژۆتنی ئۆتۆمبیل، ناسنامه‌ی ژووری بازرگانی سه‌باره‌ت به بازرگانه‌كان و ناسنامه‌ی یه‌كێتی پیشه‌سازیه‌كانی عێراقی سه‌باره‌ت به خاوه‌ن پڕۆژه پیشه‌سازیه‌كان، دۆكومێنتی موڵكداری تایبه‌ت و بڕوانامه‌ی قوتابخانه و زانکۆ و تا دوایی.. ده‌ستی پێده‌كرد. قیتۆلی به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌ڵێت: له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی باڵای عێراقی و به فرمانی تایبه‌تی سه‌ددام حوسێن ئه‌و بڕیاره نا فه‌رمیه هاته وه‌رگرتن و چه‌ند توێژێكی تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای عێراقی خسته ڕیزی ته‌به‌عیه‌تی ئێرانی یا به ڕه‌گه‌ز ئێرانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه ئه‌وانه خۆیان و باوك و باپیره‌شیان هه‌ر له عێراق له دایكبووبوون. به پێی مه‌زنده‌كانی خاچی سووری نێو ده‌وڵه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و عێراقیانه‌ی كه ڕاگوێزرابوون بۆ ئێران له نێوان 04/04/1980 تا 19/05/1990 گه‌یشتبووه یه‌ك ملیۆن كه‌س.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه كورده فه‌یلیه‌كان له‌ ئاست ئه‌و ناخۆشی و كاره‌ساتانه ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوون، به‌ڵكو چوونه ڕیزی شۆڕشی كورد به پێشه‌وایه‌تی مسته‌فا بارزانی، ڕۆڵی دیار و به‌رچاویان بینی له به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس له پێناو گه‌یشتن به مافه ڕه‌واكانیان، خه‌باتكاری سه‌رسه‌ختیان تێدا هه‌ڵكه‌وتن ئه‌مه‌ش وای كرد كه ڕژێمی به‌عس هه‌ڵسێ به پاكسازی جه‌سته‌یی لاوه كورده فه‌یلیه‌كان، زۆریان له سێداره دران و زۆریشیان ڕاكێشران بۆ گرتووخانه‌كان. بۆیه فه‌یلیه‌‌كان باس له شێوازی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كه‌ن له ئاشكه‌نجه‌دان و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی به‌كارهێنانی ڕژێم هه‌ندێ له‌و گه‌نجانه له ئه‌زمونگه تایبه‌تیه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی تاقیکردنه‌وه‌ی كیمیایی له‌سه‌ریان.

دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام له نیسانی 2003، كورده فه‌یلیه‌كان وه‌كو زۆربه‌ی پێكهاته‌كانی عێراق هه‌ناسه‌یه‌كی ئارامبوونه‌وه‌یان هه‌ڵكێشت، به‌ڵكو ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها بڵێین ئه‌وان له هه‌موو خه‌ڵك زیاتر به‌خته‌وه‌ر بوون چونكه یه‌كه‌م كورد بوون و دوه‌میش شیعه. چۆن ناخۆشیه‌كانیان دووسه‌ره‌ بوو خۆشیه‌كه‌شیان هه‌روا دووسه‌ره‌ بوو. به‌ڵام دواتر ڕووبه‌ڕووی واقیعێكی له پێشان خراپتر بوونه‌وه، ئه‌و جاره كاره‌ساته‌كه‌یان گه‌وره‌تر بوو، ئه‌ویش هه‌ڵوێستی حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف و هه‌ڵوێستی سه‌ید موقته‌دا سه‌در بوو، هه‌ڵوێستی پێشوازی لێنه‌كردن و له باوه‌شنه‌گرتنیان و ڕه‌فتاركردنیان له‌گه‌ڵ فه‌یلیه‌كان وه‌كو شیعه‌ی پله دوو له‌به‌ر كووردبوونیان. ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی هه‌ردوو حیزبی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان) كه باوه‌شیان بۆ کردنه‌وه‌ و نوێنه‌ریان له لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان دانان و وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی گه‌لی كورد مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ کردن.

له دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی هه‌ندێك له كورده فه‌یلیه‌كان به دوو لیستی جیاواز دوور له لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کرد كه ئه‌وانیش یه‌كێتی ئیسلامی كورده فه‌یلیه‌كانی عێراق و كۆبه‌ندی دادوه‌ری و داهاتوو بوون، ئه‌و ده‌نگانه‌‌ی ئه‌و دوو لیسته‌ش ده‌ستی كه‌وتن له 10 هه‌زار ده‌نگ تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد، واته سێیه‌كی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان پێویستی پێیه‌تی بۆ چوونه ناو په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش به هۆی ڕۆیشتنی ده‌نگه‌كانی تر بۆ هاوپه‌یمانی كوردستانی.

فه‌یلیه‌كان داوایان له ده‌وڵه‌ت کرد بۆ پێداچوونه‌وه‌ی یاسای ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقیان، هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ داوا ده‌كه‌ن قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه له‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌ویزاره‌كان و هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هید و ونبووه‌كان، هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنبزربووه‌ كورده فه‌یلیه‌كان و هه‌وڵدانی به‌شداریكردنی پرۆسه‌ی سیاسی و وه‌رگرتنی پله‌و پایه‌ی به‌رز له ده‌وڵه‌ت.

ئه‌وه‌نده ماوه بڵێم كه دادگایی كردنی سه‌ددام حوسێن نائومێدیه‌كی تری بۆ فه‌یلیه‌كان دروست كرد، چونكه هه‌ستیان كرد كه جارێكی تریش مافه‌كانیان خوران، هیچ فایلێك نه‌كرایه‌وه سه‌باره‌ت به‌‌و تاوانه گه‌ورانه‌ی كه ڕژێمی سه‌ددام ده‌رهه‌ق به‌وان پێیانهه‌ڵسابوو، ئه‌وانیش تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی به پله یه‌ك، به‌ڵام مرۆڤایه‌تیش هه‌ندێ جار توشی كه‌ڕولاڵی ده‌بێ به‌و جۆره‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ كورده فه‌یلیه‌كان تووشی بووه.

خه‌یری بوزانی

31/8/2008
http://www.niqash.org/content.php?contentTypeID=88&id=1952&lang=2