الرئيسية » مقالات كردية » با حکوومه‌تی کوردستان خۆی چاره‌ی کێشه‌ی په‌که‌که‌ بکات.!

با حکوومه‌تی کوردستان خۆی چاره‌ی کێشه‌ی په‌که‌که‌ بکات.!

په‌که‌که‌، هێز و بزاڤێکی کوردستانییه‌، داکۆکی له‌ کورد له‌ به‌شێکی هه‌ره‌ مه‌زڵوومی کوردستاندا ده‌کات.. به‌ڵام هه‌بوونی له‌ باشووردا، چه‌ند واقيعييه‌، چه‌نديش قازانج و هه‌روه‌ها زيان به‌ ئه‌و قه‌واره‌کوردييه‌ی جێی نه‌زه‌ر و هیوای هه‌موو به‌شه‌کانی وڵاته‌، ده‌گه‌یه‌نێ، ئا ئه‌مه‌يان ده‌بێ به‌وپه‌ڕی جيددييه‌ته‌وه‌ لێی بتۆژرێته‌وه‌ و به‌هێند هه‌ڵبگیرێت.

له‌و ڕۆژه‌وه‌ باشووری کوردستان ده‌وڵه‌تۆکه‌کی بۆ ڕه‌خساوه‌، په‌که‌که‌ بووه‌ته‌ کراسی عوسمان و تورک هه‌موو ده‌مێ ده‌يکاته‌ په‌ڵپ و پاساو بۆ به‌زاندنی سنوور، تۆپبارانکردنی گونده‌کان و سه‌رکردنه‌ سه‌ر کورد، بۆ زينده‌به‌چاڵکردنی ئاواته‌کانی، چ درشت يان ورد.. ئه‌مه‌ش وا له‌ مرۆڤ ده‌کا زه‌ینی بۆ ئه‌وه‌ بچێ که‌ هه‌بوونی هێزی شه‌ڕوانانی په‌که‌که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديی باشووردا نييه‌، چونکه‌ به‌ نه‌بوونی له‌ خاکی کوردستاندا، هه‌موو ڕێگه‌يه‌ک له‌ تورک ده‌گیرێ که‌ زاتی ئه‌وه‌ بکا بێت و ببێته‌ به‌رهه‌ڵستێک له‌ ڕووی ئه‌و پیشکه‌وتنه‌ی ڕه‌نگه‌ کورد ـ به‌ هه‌موو که‌موکه‌سرييه‌وه‌ ـ له‌م پارچه‌يه‌ی وڵاتدا، وه‌ده‌ستی بهێنێت.

پياو که‌ ڕه‌وشی سياسی و هاوکێشه‌کانی نێو تورکيا و مێژووی تورکانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌گه‌ڵ بزاڤی چه‌کداریی کوردا، ده‌خوێنێته‌وه‌، بۆی هه‌يه‌ ـ تا ڕاده‌يه‌کی نيوچه‌زۆر ـ سوور بێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا کلکی حوشتر نه‌گاته‌ ئه‌رز، ڕۆژێک له‌ڕۆژان دان به‌ په‌که‌که‌دا ناهێنرێت؛ چ جای له‌گه‌ڵیدا بکه‌ونه‌ دانوستاندن و وتووێژ.. به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌نێو خودی کوردی باکووردا ـ سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری جيا ـ ئه‌وه‌نده‌ پێشوازيی لێ ناکرێت، هه‌روه‌ک ڕه‌وڕه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه‌کان سه‌لمانديان.. جگه‌ له‌وه‌، پێناچێ له‌مه‌ودوا بزاڤی پارتيزانی له‌ ده‌ڤه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌و ڕه‌واجه‌ی هه‌بێ و ئه‌و هه‌له‌ی بۆ بڕه‌خسێ که‌ بکرێ به‌ ئامرازێکی کاريگه‌ری ئه‌وتۆ، بۆ وه‌ده‌ستخستنی مافی گه‌لان، به‌تايبه‌تيش په‌که‌که‌، که‌ هه‌م له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ميش له‌ ئه‌وروپا، به‌هۆی هێندێ هه‌ڵه‌ی توندئامێز؛ پشتيوانی و سۆزی زۆر لايه‌ن و لايه‌نگرانی له‌ ده‌ست دا.. هه‌ڵبه‌ت، ناشکرێ ڕۆڵی تورکان له‌ زڕاندنی نێوبانگی ئه‌م بزاڤه‌، فه‌رامۆش بکرێت. ديسان، هیچ ڕۆشنايييه‌ک له‌ ئاسۆدا به‌دی ناکرێ که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بکا ئه‌مريکا بۆ خاتری په‌که‌که‌، دڵی تورکان له‌ خۆی بڕه‌نجێنێ، واز له‌ ڕه‌سه‌نترین و کۆنترين هاوپه‌يمانی ستراتیژیی خۆی بهێنێ.. نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر په‌که‌که‌، ته‌نانه‌ت له‌به‌ر خاتری کوردی باشووريش ..گرێکوێره‌که‌ ئا لێره‌دايه‌.

ئه‌گه‌ر به‌دوای ئه‌و گۆڕانکارييانه‌ی له‌نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ڕه‌دا بچین، ده‌بینین بريارێکی به‌بڕشت ( قاطع ) هه‌يه‌ بۆ لێدانی په‌که‌که‌، وه‌لێ مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نيا مه‌سه‌له‌ی کاته‌ و چيتر. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌ نێوان تورک و عيڕاقييه‌کاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، به‌ ئاگاداریی ئه‌مريکاش؛ دياره‌ به‌ری دانيشتنه‌کان کاڵ و ده‌وه‌ن به‌ئاش نييه‌، به‌ڵکوو هه‌رجارێ هه‌نگاوگه‌لێک ده‌چنه‌ پیشه‌وه‌ و ده‌سکه‌وتێک بۆ تورک و دوژمنانی کورد، ده‌چنن. تاکه‌بڕياری که‌ گريمانه‌يه‌کی به‌هێز هه‌يه‌ له‌ دانوستاندنی داهاتوودا بدرێت، ڕێگه‌دانه‌ به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی کوردستان و ڕاوه‌دوونانی شه‌ڕوانانی په‌که‌که‌.

ئه‌ز وا بزانم، له‌جياتی ئه‌وه‌ی ڕۆژێک له‌ ڕۆژان تورکیا ـ به‌ ڕه‌زامه‌نديي ئه‌مريکاش ـ ده‌ستووری پێ بدرێ تا بێته‌ نێو کوردستانه‌وه‌، که‌ ئه‌وسا نه‌ک هاونه‌ته‌وه‌مان په‌که‌که‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌ند و بێژنگ نه‌درێ، پرشوبڵاو ده‌کرێ؛ بگره‌ هه‌موو ده‌سکه‌وتێکی کورد له‌ باشووردا؛ ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.. ئه‌رێ، له‌جياتی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ ئه‌نگوسته‌چاوه‌مان لێ ڕاست بێ، با حکوومه‌تی کوردستان، بۆ نه‌هێشتنی نيگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێ، به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رکردايه‌تیی په‌که‌که‌دا؛ ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ئاشتييانه‌ بۆ ئه‌م ته‌نگژه‌يه‌ بدۆزنه‌وه.. ده‌نا خوانه‌خواسته‌، ئه‌گه‌ر تورک به‌گژماندا هات، که‌ هه‌ر ڕۆژێک بۆی هه‌يه‌ بێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێته‌ سه‌رکار و کوێخامان؛ ده‌چينه‌وه‌ قۆناغی يه‌که‌مين له‌ : ده‌می ڕاپه‌ڕينه‌، ده‌می ڕاپه‌ڕین.!

2007/09/30