الرئيسية » مقالات كردية » بۆ خاوه‌ن شکۆ… کوردستانى خۆتان و خۆیان یان جه‌وله‌یه‌کى دیکه‌ى شه‌ڕى براکوژى؟!

بۆ خاوه‌ن شکۆ… کوردستانى خۆتان و خۆیان یان جه‌وله‌یه‌کى دیکه‌ى شه‌ڕى براکوژى؟!

بیرم دێت که‌ تۆ له‌ ساڵى(1992) گووتت:” به‌ڵگه‌ى ته‌واومان له‌به‌رده‌ستدایه‌ که‌ په‌که‌که‌ په‌یوه‌ندى به‌ رژێمى سه‌ددامه‌وه‌ هه‌یه‌” پاشان دواى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ چه‌واشه‌کارییه‌ له‌ ساڵى(1992) به‌ پیلانگێڕییه‌کى دوژمنکارانه‌ شه‌ڕتان له‌ دژى په‌که‌که‌ ده‌ستپێکرد، ساڵان هات و ساڵان چوون، که‌چى دواى رووخانى رژێمى سه‌ددام چه‌ندین به‌رپرسیارو سه‌رکرده‌ى باڵاى حیزبه‌که‌ت فایلچى ده‌رکه‌وتن و په‌یوه‌ندى نهێنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه‌دا ئاشکرابوو. به‌بیرم دێت هه‌ر ئه‌وکاته‌ ده‌تگووت :”په‌که‌که‌ رێگه‌ى ئازووقه‌مان لێده‌گرێت و ناهێڵێت ئازووقه‌ له‌ تورکیاوه‌ بێته‌ هه‌رێمى کوردستان” که‌چى هه‌رچى ژێرخانى ئابوورى ئه‌و وڵاته‌ هه‌بوو وێرانتان کردو هه‌رچى شوان و جوتیار و پاڵه‌و سه‌پان و باخه‌وانى گونده‌کان هه‌بوو ناچارتان کردن ببن به‌ فه‌رمانبه‌ر و چه‌کدارو پۆلیس و وڵاتێکتان له‌چه‌کدار و میلیشیا و سوپایه‌کتان له‌ فه‌رمانبه‌رى بێفه‌رمان قیتکرده‌وه‌….. ئێوه‌ شانزه‌ ساڵه‌ رۆحى به‌رهه‌مهێنانتان له‌م وڵاته‌دا کوشت و چه‌مکى ره‌نجتان شه‌ق تێهه‌ڵدا، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌تان به‌جۆرێک کرده‌ مشه‌خۆر که‌ ته‌نانه‌ت تاقه‌تى نه‌بێت سه‌وزه‌و میوه‌ و ماست و په‌نیریش به‌رهه‌م بهێنێت. بۆئه‌وه‌ى هه‌ر چاوى ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌ده‌ستى به‌رپرسه‌ حیزبى و حکومییه‌ گه‌نده‌ڵه‌کان بێت تا له‌که‌ره‌وزو پیازه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ گه‌نم و جۆ و هه‌موو شتێک هه‌ر له‌ ئێران و تورکیاوه‌ به‌ ئیستراد بێنن و به‌ گرانفرۆشى به‌و خه‌ڵکه‌ ره‌شورووته‌ى بفرۆشنه‌وه‌. که‌چى ئه‌مڕۆ دیسان ده‌ڵین :” پژاک و په‌که‌که‌ ده‌روازه‌ى ئازووقه‌هێنانمان لێده‌گرن”

ئه‌ى خاوه‌ن شکۆى وڵاتى بێشکۆ؛ گه‌نده‌ڵى هه‌موو وڵاتى خنکاندووه‌، ئیدى ئه‌گه‌ر ناتوانن ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن چیتر په‌که‌که‌و په‌ژاک و خه‌ڵکى دیکه‌ تاوانبار مه‌که‌ن، ئێوه‌ خۆتان خۆتان مه‌جبوورى ده‌ستى ئێران و تورکیا و دونیا کردووه‌، گوناحى خه‌ڵکانى شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز چییه‌؟! شانزه‌ ساڵه‌ هیچ شتێکتان له‌م وڵاته‌ به‌دروستى و ته‌واوى بونیادنه‌ناوه‌و هه‌میشه‌ خۆتان و ئه‌و خه‌ڵکه‌تان له‌ ژێر فشارو گوشار و هه‌ڕه‌شه‌کانى داگیرکه‌راندا هێشته‌وه‌.

له‌م شانزه‌ ساڵه‌دا به‌پاره‌و پیلان و فشارى ئێران و تورکیا و زلهێزه‌کانى گێتى چه‌ندین جه‌وله‌ى شه‌ڕتان دژى په‌که‌که‌ کرد و به‌هه‌زاران رۆڵه‌ى ئه‌م وڵاته‌تان به‌کوشت دا، تۆبڵێى جگه‌ له‌ دوژمن و گیرفانى ئێوه‌ کێ له‌م شه‌ڕانه‌دا قازانجى کردبێت؟ راسته‌ له‌رێگه‌ى ئه‌و شه‌ڕانه‌وه‌ دڵی دووژمنانتان هێنایه‌ جۆشوخرۆش و ئێوه‌ش بوون به‌ ملیاردێر، به‌ڵام ئه‌ى چى له‌ حوکمى مێژوو و ویژدانى گه‌ل ده‌که‌ن؟! وا ئه‌مڕۆش هه‌مان پڕوپاگه‌نده‌ى رابردوو دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن:”بابچنه‌وه‌ کوردستانى خۆیان” تاکه‌ى ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ نابیت، که‌ مسۆگه‌ر وه‌ک هه‌موو جارێک بۆنى شه‌ڕى براکوژى لێدێت و سه‌ره‌تاى جه‌وله‌یه‌کى دیکه‌ى شه‌ڕى کورد به‌ کورد به‌ کوشتدانه‌؟!!.

ئه‌ى خاوه‌ن شکۆ، ده‌ڵێیت:” له‌تورکیا دیموکراسیه‌ت هه‌یه‌” توخوا که‌ى له‌ تورکیادا دیموکراسیه‌ت هه‌یه‌؟ بۆ ئاگادارنیت چه‌ند رۆژێک به‌ر له‌ ئێستا یانزه‌ گه‌ریلا به‌ چه‌کى کیمیاوى شه‌هیدکران؟ بۆ ئاگادارنیت تا ئێستاش له‌ ده‌ستوورى تورکیا نووسراوه‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌کى تورکیا تورکه‌ و یه‌ک زمان هه‌یه‌ ئه‌ویش هه‌ر تورکییه‌؟! بۆ نازانیت کێ شه‌ڕه‌نگێزه‌، داگیرکارانى کوردستان یان په‌که‌که‌و په‌ژاک؟ کێ چه‌ندین جار ئاگربه‌ستى راگه‌یاندووه‌ و ده‌ستى ئاشتى درێژ کردووه‌، په‌که‌که‌ یان تورکیا؟ من باش ده‌زانم تۆى قاڵبووه‌وه‌ى سیاسه‌ت هه‌زار قات له‌من و له‌هه‌موو که‌س باشتر وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌زانیت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌نییه‌ بیزانیت یان نا گرنگ درکاندنى راستییه‌کانه‌، ئه‌مه‌یه‌ ئه‌خلاقى سیاسى و پره‌نسیپى سیاسى و ئامانجى سیاسه‌ت!!. ئه‌ى رێزدارى وێرانه‌ وڵات، ده‌زانم زوو زوو تووڕه‌ ده‌بیت، به‌ڵام ئیدى تووڕه‌بوونى ناوێت و کار له‌تووڕه‌بوون ترازاوه‌. بۆیه‌ واچاکه‌ ته‌نیا بۆ یه‌کجار، به‌ڵێ ته‌نیا یه‌کجار، ره‌خنه‌ى ئه‌و خه‌ڵکه‌ په‌سند بکه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ سوحبه‌ت و گاڵته‌ش بێت ته‌نیا یه‌کجار به‌به‌ر چاوى کامیراوه‌ ره‌خنه‌یه‌کى بچووک و نه‌رم له‌خۆتان بگرن، بۆئه‌وه‌ى ته‌نیا جارێکیش به‌نده‌ى موخلیس و ملیۆنان به‌نده‌ى موخلیسی ترى ئه‌م نیشتمانه‌ نغرۆیه‌ سوکنایی به‌دڵماندا بێت و رۆژێک له‌حه‌ژمه‌تان نه‌مرین و ره‌خنه‌دانێکى ئێوه‌ بۆ گه‌ل ببینین…!! قوربان خۆ ره‌خنه‌دان قاندرمه‌ى شکۆدارییه‌….ترس له‌ ره‌خنه‌ش ترسه‌ له‌شکۆدارى و داهێنان و جوانى و پاکى و شکۆمه‌ندى رۆح … وا به‌نده‌ى موخلیس له‌ ئێوه‌ ده‌پرسێت: کوا چیتان بۆ که‌رکوکه‌ قودس و دڵه‌که‌ى مامه‌و کاکه‌ کرد؟ ئه‌مڕۆ خه‌ڵک “زۆڵ و یه‌غنیش” نیین و ده‌رک به‌شته‌کان ده‌که‌ن، جا ئێوه‌ نهێنییه‌کان بدرکێنن یان نا. خه‌ڵک ده‌بینێت که‌ مادده‌ى (140)که‌ چاره‌نووسى (45%)خاکى هه‌رێمى کوردستانى پێوه‌ په‌یوه‌سته‌، وه‌کو قومارێک له‌سه‌ر مێزى سیاسه‌تى بێ پره‌نسیپى دۆڕاوه‌…..
ئیتر دانان به‌راستى حیکمه‌ت و فه‌زیڵه‌ته‌ قوربان، تووڕه‌بوونیشی پێناوێ و که‌سیش حه‌دى نییه‌ له‌حزورى ئێوه‌ى به‌ڕێزدا قسه‌ى حه‌له‌ق و مه‌له‌ق بکات. به‌ڵام خۆ دۆڕان هه‌ر دۆڕانه‌…..جا چ له‌م ده‌وره‌ بێت یان له‌و ده‌ورانه‌…!!!!