الرئيسية » مقالات كردية » توركیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌ ده‌كات

توركیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌ ده‌كات


پرسی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ تازه‌ نیه‌ ، به‌ تایبه‌ت بۆ توركیا و كوردستان، به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌و كێشه‌ كۆن و ئاڵۆزانه‌ی خوێن و ماڵی زۆری كورد و توركیای لێ به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات و كار ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌قامگیری  ناوچه‌كه و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، پێم وایه‌ ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه‌ له‌ بوونی گه‌لێكی بێبه‌ش له‌ مافه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و گه‌له‌ هه‌زاره‌ها ساڵه‌ له‌سه‌ر خاكی خۆی ده‌ژی، بۆیه‌ پێم وایه‌ بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان ناكرێ به‌ هێز چاره‌سه‌ر بكرێ ، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ی توركیا سێ ده‌یه‌یه‌ به‌ كاری دێنێ نه‌یتوانیووه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ ناو به‌رێ و نه‌شیتوانیووه‌ ئاسایش و ئۆقره‌یی بۆ ناوچه‌كه‌ فه‌راهام بكات، هه‌رچه‌نده‌ توركیا چه‌ندین جار زمانی چه‌كی له‌ به‌رامبه‌ر كوردستانی عێراق به‌كارهێناوه‌، له‌وه‌ته‌ی رێكه‌وتنامه‌ له‌ نێوان حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه‌ له‌ هه‌شتاكان یان له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی عێراق- ئێران له‌ گه‌ڵ توركیای مۆر كردووه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ گوێبیستی ده‌بین ، ئه‌گه‌ر پێشووتر رژێمی به‌عس سه‌روه‌ری نیشتیمانی پێشێلكردبوو رێگه‌ی به‌ هێزه‌كانی توركیا دابوو كه‌ تا قوڵایی 25 كیلۆمه‌تر بۆ راوه‌دوونانی په‌كه‌كه‌ سنووره‌كانی كوردستانی عێراق ببه‌زێنن، و هێزه‌كانی توركیاش چه‌ندین جار زیاتر له‌و سنووره‌یان ده‌به‌زاند، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسورمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێز جه‌واد بوڵانی وه‌زیری ناوه‌خۆی عێراقی فیدراڵ هه‌ڵساوه‌ به‌ واژووكردنی رێكه‌وتننامه‌یه‌كی ئاسایشی له‌ گه‌ڵ توركیا به‌ بێ ئاگاداری ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان و به‌ بێ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری هه‌رێم له‌و رێكه‌وتننامه‌ زیندوو گرنگه‌ی كه‌ له‌ رووی ده‌ستووری په‌یوه‌ندی به‌ سه‌روه‌ری ناوه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ‌، ئه‌و رێكه‌وتننامه‌ی بوڵانی واژووی كردووه‌ كارێكه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ ، چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر سه‌لامه‌ت و سه‌ربه‌ستی و سه‌روه‌ری سیستمی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵی ( ماده‌ی 109 له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق ) ، چونكه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی یه‌ له‌ به‌غدا كه‌ سه‌روه‌ری ده‌ره‌وه‌ بپارێزێ  له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی و پارێزگاری له‌ سه‌ربه‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراقی بكات، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراقی به‌ گوێره‌ی ده‌ستور و سه‌لامه‌تی و ئاسایشی كوردستان هی عێراقه‌..پارتی كرێكارانی كوردستان و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی له‌ شاره‌كانی كوردستان نین وه‌كو هه‌ندێ نیاز خراپ باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و پارته‌ هیچ جۆره‌ پاڵپشتیه‌كی لۆجستی و سه‌ربازی و دارایی له‌ حكومه‌تی كوردستان وه‌رناگرێ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌یه‌وێ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ بكات به‌ رێگه‌ی دایه‌لۆگ، به‌ تایبه‌ت چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌ ناوچه‌ چیاییه‌ عاسێكانی سه‌ر سنوورن و ناتوانرێ به‌ ئاسانی له‌ نێو ببردرێن، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ رێگه‌ی شه‌ڕی پارتیزانی له‌ دژی سوپای نیزامی تورك به‌كار دێنن، ئه‌مه‌ وا ده‌كات رێگه‌ چاره‌ی ئاشتی باشتر بێت ، رێگه‌ی چه‌كیش تاقیكراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا هه‌ره‌سی هێناوه‌، رق و توڕه‌یی و دژایه‌تی زیاد كردووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنیت هێزه‌كانی توركیا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هه‌مه‌جی و دواكه‌وتووانه‌ دیمه‌نی سه‌ربڕینی چه‌ند چه‌كدارێكی پارتی كرێكارانی كوردستانیان بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ندین رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی جیهانی و رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئیدانه‌یان كرد، پێم وایه‌ باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی توركی لێبوردنی گشتی بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ رابگه‌یه‌نێ و پارتی ناوبراو بۆ ناو پرۆسه‌ی سیاسی رابكێشێ و دان به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد بنێت و واز له‌ سیاسه‌تی جیاكاری له‌ دژیان بێنێ ، دیاره‌ به‌م جۆره‌ توركیا ده‌توانێت زیاتر له‌ ده‌رگاكانی یه‌كێتی ئه‌وروپا نزیك بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دوای بڕیاری په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسی و ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكی ده‌رباره‌ی به‌رپرسیاریه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌رامبه‌ر كوشتارگه‌ی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ 1915 له‌ كاتی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی،  ئه‌و لێبوردنی گشتیه‌ بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌ ئێمه‌ به‌ پێشنیارێكی شیاوی ده‌زانین، پێویستی به‌ چاودێریه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ندێ لایه‌نی چاڵاك وه‌كو یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئاشتی و پێشێلكاری روونه‌دات له‌ هیچ كام لایان، پێم وایه‌ ناكرێ به‌ په‌كه‌كه‌ بگوتری رێكخراوێكی تیرۆریستی ، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ پێوه‌ری یاسای نێوده‌وڵه‌تی دروست نیه‌ و پێویستی به‌ چاوپیاخشاندنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ بڕیاردانی ئه‌و لێبوردیه‌ گشتیه‌ی ئاماژه‌م پێدا، پێم وایه‌ ئه‌مانه‌ ده‌توانن زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ركردنی زۆربه‌ی كێشه‌كان خۆش بكه‌ن، له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش گوته‌بێژی حكومه‌تی ئه‌مریكی رایگه‌یاند كه‌ به‌كارهێنانی چه‌ك له‌ لایه‌ن سوپای تورك له‌ دژی په‌كه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نیه‌ له‌و بارودۆخه‌ی ئێستا كه‌ عێراق كێشه‌ی تیرۆری هه‌یه‌ و ناسه‌قامگیری سه‌روه‌ره‌ ، هه‌مان تێگه‌یشتن له‌ لای خافیر سولانا هه‌بوو له‌ برۆكسل، هه‌رچی حكومه‌تی توركیایه‌ مه‌به‌ستیه‌تی ره‌زامه‌ندی پارله‌مانی وڵاته‌كه‌ی وه‌رگرێ بۆ ئه‌وه‌ی سوپا داخلی هه‌رێمی كوردستان بێت بۆ راوه‌دوونانی په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌ سه‌خته‌كانی ناوچه‌ چیاییه‌كانن، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ی سه‌رۆك وه‌زیر رۆژی پێنج شه‌مه‌ رایگه‌یاند كه‌ گه‌ر هێزه‌كانی توركیا داخل بوون ده‌توانن ساڵێك بمێنه‌وه‌ و ئه‌و ماوه‌یه‌ش نوێ بكه‌نه‌وه‌.


ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌بزوێنێ ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیه‌تی و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵیش بێ ده‌سه‌ڵات وه‌ستاوه‌، و سوپای توركیاش به‌ دوای ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێت سنووره‌كان ببه‌زێنێ و هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی دراوسێش سوود له‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ گرژی و ئاڵۆزی زیاتر په‌سند ناكه‌ن و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێویسته‌ به‌رپرسیاریه‌تی پاراستی ئاشتی بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و به‌ خێرایی به‌وه‌ڵام بێت.


ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانیه‌ بێده‌نگی حكومه‌تی عێراقی و بێ ده‌نگی بێ پاساوی رۆشنبیرانی عێراقی به‌ گشتی و عه‌ره‌به‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی توركیا . كه‌ پێویست ده‌كات هه‌مووان یه‌ك ده‌ست و یه‌ك ریز له‌ دژی بوهستین ، چونكه‌ زمانی چه‌ك كێشه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ چاره‌سه‌ر ناكات كه‌ بۆ ئازادی تێده‌كۆشن، به‌رپرسانی كورد له‌كوردستانی عێراق له‌ چه‌ندین بۆنه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ هاوكاری كردن له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ رێگه‌ی ئاشتی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رپا بێت به‌ تایبه‌ت كه‌ ناوچه‌كه‌ كێشه‌ی زیاتر به‌ خۆی ناگرێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌ مافی به‌رگری كردن له‌ خۆ و له‌ خاك مافێكی شه‌رعی و ره‌وایه‌ ، هه‌ر كارێكی سه‌ربازیش له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ كاره‌سات له‌ كوردستان و توركیا و ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات، بۆیه‌ له‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ پێویسته‌ كه‌ دۆستی ئاشتین په‌نا به‌رنه‌ به‌ر عه‌قل و لێبورده‌یی و رێزگرتنی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی گه‌لان، رێگه‌ی ئاشتی سه‌خته‌ به‌ڵام دیار و ئاشكرایه‌، رێگه‌ی چه‌ك و شه‌ڕ ئاسانه‌ به‌ڵام نارۆشن و ونه‌، له‌ نێوبردنی گه‌لان هه‌رچه‌نده‌ درێژه‌ بكێشێ و زۆر بخایه‌نێ كه‌چی مێژوو سه‌لماندوویه‌تی كه‌ ئه‌نجام ده‌رانی ده‌بێت هه‌ر به‌ سزا بگه‌ن، ئه‌وه‌تا تاوانه‌كانی نازیه‌كان و حزبی به‌عس و سه‌دام له‌ عێراق و كوشتارگه‌ی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان و نمونه‌ی دیكه‌ شاهێدن .


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* ناوبراو ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بووه‌ و دۆستێكی دێرینی كورده‌ و رۆشنبیر و یاساناسێكی به‌ناوبانگی عێراقیه‌ .. ئه‌و وتاره‌ی رۆژه‌ڤ كردوویه‌تی به‌ كوردی

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *